غەززە.. لە هەفتەیەکدا 10 نەخۆشخانە و نۆرینگە وێران کراون
سوپای ئیسرائیل تەنیا لە یەک هەفتەدا نزیکەی 10 نەخۆشخانە و نۆرینگەی لە کەرتی غەززە وێران کردووە و بڕیاریشی داوە ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەرتاسەری کەرتەکە فراوانتر بکات .
ڕۆژنامەی هارتزی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێرشی کردووەتە سەر 10 نەخۆشخانە و نۆرینگە، بەهۆیەوە بەشێک لە نەخۆشخانە نۆرینگەکان بە تەواوی و بەشەکەی دیکەش بە نیمچەیی وێران کراون و لە خزمەتی تەندروستی خراون.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئەمەش وایکردووە هێندەی دیکە کەرتی تەندروستی غەززە ئیفلیج بێت و بارگرانی زیاتر لەسەر سیستەمی تەندروستی کەرتەکە دروست بکات.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە نووسیویەتی، هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەورووپی لە خان یونس، دەستپێکی بڕیاری سوپای ئیسرائیل بوو بۆ فراوانکردنی هێرشە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززە.
هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل 28 هێرشی کردووەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکانی غەززە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەشی داوە، %94ی نەخۆشخانەکانی غەززە یان زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە یان بە تەواوی وێرانکراون؛ ئێستاش لە کۆی 36 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، تەنیا تەنیا 19 نەخۆشخانە غەززە بەشێکی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی وێرانکردن و پەکخستنی نەخۆشخانە و نۆرینگەکان، نزیکەی 400 هەزار کەس لە غەززە دەستیان بە هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی ناگات.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل بە چەک و جبەخانەیەکی زۆر و چەکی قورسەوە لە کەرتی غەززە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکانی، بۆ ئەمەش لیواکانی حەوت، 188 و 401 لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی، کەفیر، ناحال، کۆماندۆ و هێزێکی پەرەشووتەوانی ئامادە کردووە.
لە دوای هێرشەکانی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 53 هەزار و 901 فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 122 هەزار و 593 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە نێویاندا نزیکەی 17 هەزار و 492 منداڵ و 11هەزار و 979 ئافرەت هەن.