هەڵبژاردنی گشتیی نیوزیلاند بەهۆی کۆرۆنا دواخرا

سێ مانگ بوو تووشبووی نوێی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارنەکرابوون

 K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەی بۆ ماوەی مانگێک دواخست، بەهۆی دووبارە تۆمارکردنی تووشبووانی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکاتێکدا وڵاتەکەی 100 رۆژی بێ تۆمارکردنی تووشبووی نوێ بەڕێکردبوو.

بڕیاربوو هەڵبژاردنی گشتیی نیوزیلاند 19ـی سێپتەمبەر بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ (دووشەممە، 17-8-2020) جەیسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند هەڵبژاردنی دواخست بۆ 17ـی ئۆکتۆبەر.

سەرەتای ئەو هەفتەیە، گەورەترین شاری نیوزلاند دووبارە قەدەغەی هاتووچۆی لێ راگەیەندرایەوە، بەهۆی ئەوەی دووبارە، تووشبوون بە پەتای کۆرۆنای لێ تۆمارکرا.

جەیسیندا ئاردێرن دەڵێ "ئەو بڕیارە، نۆ هەفتە دەداتە هەموو حیزبەکان بۆ بانگەشە، هەروەها کاتێکی تەواویشە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن تاوەکو دڵنیابێتەوە لەوەی هەڵبژاردنەکە دەکرێت". جەختیشی کردەوە لەوەی هیچ نیازیکی نییە چیدیکە هەڵبژاردن دوابخات.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای ئەوە چەند تووشبوویێکی دیکەی کۆرۆنا لە شاری ئۆکلاند، گەورە شاری نیوزلاند دەستنیشانکران، کە لە کەسی دیکەوە ڤایرۆسەکەیان بۆ گواسترابووەوە، قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکە راگەیەنرایەوە و، ئێستا ژمارەی ئەوانەی ڤایرۆسەکە لە جەستەیان چالاکە لە هەموو نیوزیلاند، گەیشتووەتە 58 کەس.

راگەیاندنی تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی کۆرۆنا بووەتە هۆی شۆکبوونی خەڵکی ئەو وڵاتە، کە ریکۆردێکی تۆمارکردبوو لەڕووی زۆریی ماوەی تووشنەبوونی هیچ کەسێک بە کۆرۆنا، کە لە کەسێکی وڵاتەکەوە پەتاکەی گرتبێتەوە لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگدا.

بەپێی داتاکانی زانکۆی جۆن هۆپکنز، هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە 1600 کەس لە نیوزیلاند تووشی کۆرۆنا بوون، 22 کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

Fly Erbil Advertisment