کەشناسیی عێراق: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە

کەشناسیی عێراق، کەشی پێشبینیکراوی ڕۆژانی داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی تۆزوخۆڵ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەکرێت.

یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سبەینێ دووشەممە، 26ـ5-2025،  ئاسمان ساماڵ بێت، بەڵام لە هەندێک ناوچەی ئەنبار و نەینەوا نیمچە هەور بێت، هەروەها لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاست و باشوور کەمێک خۆڵباران دەبێت دواتر بەهۆی ئاراستەی با خۆڵبارانەکە بەرەو  ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دێت، پلەکانی گەرماش لە سەرانسەری عێراق کەمێک بەرزدەبنەوە.

دەستەی کەشناسیی ئاماژەی بەوەش داوە، پێشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی سێشەممە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست نیمچە هەور بێت، بەڵام لە ناوچەکانی باشوور ساماڵە، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.

بە گوێرەی ئەو پێشبینییەی ناوەندی کەشناسیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی ئایاری 2025، شەپۆلەکە بە ڕێژەی جیاواز، سنووری زیاتر لە 15 پارێزگای باکوور، باکووری ڕۆژئاوا و ناوەندی ئێران دەگرێتەوە، لە بەشێک لە ناوچەکان ئەگەری لێزمە باران هەیە. 

هەروەها ئاماژەی داوە، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی خۆڵبارین لە عێراقەوە هەڵدەکات و سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ چەند شارێکی دیکەی ئێران دەگرێتەوە.

ناوەندەکە ئاماژەشی داوە، سبەی دووشەممە شەپۆلێکی لێزمەباران و هەورە بروسکە و ڕەشەبایەکی توند و خێرا ناوەندی ئێران و بەشێکی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەگرێتەوە، بەڵام ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، شەپۆلەکە زیاتر ناوەند و باشووری ئێران دەگرێتەوە، کە لە بەشێک لە ناوچەکان تاوە باران دەبێت و هەندێکجاریش هەورە بروسکە.

ناوەندی کەشناسیی  ئێران هۆشداری بە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان داوە، لە کاتی باران و هەورە بروسکە لە لوتکەی بەرزایی، قەراغ چەم و ڕووبارەکان دوورە پەرێز بن، بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment