پوتن پێشوازیی لە فیدان دەکات
هاکان فیدان بۆ نێوەندگیری ئاگربەستی جەنگ دەچێتە مۆسکۆ

پرۆسەی ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا و بازرگانی و وزە، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگەیەنێتە مۆسکۆ و بڕیارە سبەینێ، هاکان فیدان، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین و بەرپرسانی دیکەی ڕووسیا گفتوگۆ بکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە سبەینێ، دووشەممە 26ی ئایاری 2025، هاکان فیدان لەسەر بانگهێشتننامەی سێرگێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە سەردانێکی دوو ڕۆژە بچێتە مۆسکۆ و لەلایەن ڤلادیمێر پوتن، سەرۆک وڵاتەکە پێشوازیی لێ بکرێت.
سەردانەکەی فیدان لە چوارچێوەی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی ئەنقەرەیە بۆ ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ڕووسیا – ئۆکرانیا، کە 16 یەم مانگە یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی هەردوو وڵات لە تورکیا بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم سەردانەیدا هەوڵی جەختکردنەوە لە هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی دەکاتەوە،
لەسەر پابەندبوون بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، فیدان لە سەردانە دوو ڕۆژییەکەیدا، بابەتی بازرگانی، وزە، گەشتیاری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا باس دەکات.