وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: هیچ ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ نەکراوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە دۆسییەی توێژەری ئیسرائیلی-ڕووسی ئەلیزابێس تسورکۆڤ کە لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە لە عێراق دەست بەسەرە، بەردەوامە. بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕکردن هەبێت بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکە.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئاڵوگۆڕە بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە."
بەیاننامەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە دەکرێت، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادیی تسورکۆڤ لە بەرامبەر ئازادکردنی کەسانی دەستبەسەرکراوی ئێرانی، ئەوانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەمەریکییەکان.
میدیا ڕۆژئاواییەکان باسیان لە ڕێککەوتنێکی ئەگەریی کردبوو کە بریتی بێت لە ئازادکردنی تسورکۆڤ کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر لە بەغدا ڕفێندرابوو، لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران، جگە لە شەش دەستگیرکراوی دیکە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشهاتە نوێیەکانی دۆسیەی تسورکۆڤی کرد و ڕوونی کردەوە، دانوستانەکان بەرەو قۆناغێکی نوێ ڕۆیشتوون دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی کرد، هیچ دەزگایەکی فەرمی حکوومەت دەستوەردان لەو بابەتەدا نەکات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناو دیارترین ئەو ناوانەی لە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ باس دەکرێن، عیماد ئەمهز، ئەندامی حزبوڵلای لوبنانی هەیە، لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، لە لایەن یەکینەیەکی ئیسرائیلیەوە کرا، لەگەڵ پێنج کەسی دیکە دەستگیرکراون، لەوانە دوو هاووڵاتیی ئێرانی بوون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دانوستان لە نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و نوێنەرانی ڕفێنەران لە ڕێگەی نێوەندگیریی عێراقییەوە دەستی پێ کردووە. سەرەتا داواکاری دارایی بۆ فیدییەدان لەخۆگرتبوو، بەڵام لایەنی ئەمەریکی ڕەتی کردەوە هیچ بڕە پارەیەک بدات. دواتر گفتوگۆکان پەرەیان سەند و بوو بە هەوڵدان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.
زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن ناوبژیوانانی عەرەب لەم دواییانەدا چوونەتە ناو دانوستانەکانەوە، هەوڵی گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی کۆتایی دەدەن.
ڕۆژنامەی ئیسڕائیلی "زە جۆرزالیم پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە، دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکە بریتییە لە ئازادکردنی لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوێکی ئێرانی کە لە عێراق دەستبەسەرە، لەگەڵ شەش کەسی دیکە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکگەیشتنێکی ئاشکرانەکراوی نێوان واشنتن و بەغدا.
ئەلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەر لە زانکۆی ستانفۆرد، لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 لەکاتی ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی لە عێراق دیارنەما و لەلایەن چەند چەکدارێک دەست بەسەر کرا. لای خۆیەوە ئیسرائیل دەڵێت: تسورکۆڤ بە پاسپۆرتی ڕووسی چووەتە ناو عێراقەوە.