ئیلهام ئەحمەد: سووربوونی دیمەشق لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزی، وڵاتەکە تووشی شەڕێکی ناوخۆیی دەکات

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت، سووربوونی دیمەشق لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزی، وڵاتەکە ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆیی دەکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنفرانسی یۆنان، کە بە ناونیشانی 'دۆزی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند "ئەگەر هەیە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی سووریا بە تاکلایانانە بڕیارەکان دەدەن و هەماهەنگی لەگەڵ گەل ناکەن و ئیرادەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە."
ئیلهام ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزیی سوور بێت، وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی ناخۆیی دەبێتەوە. گوتیشی: دەبێت، سیستەمێکی دیموکراتیی فراوان هەبێت و سەرجەم پێکهاتەکان کۆ بکاتەوە.
پێشتر ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا، ڕۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: یەکڕێزی و قوربانیدانی سوورییەکان کاریگەری لەسەر بیروڕای جیهان هەبووە.
ئەحمەد شەرع گوتیشی: ڕێگەنادەین سووریا دابەش ببێت و چیتر سووریا نابێتە گۆڕەپانی دابەشکردنی دەسەڵات. باسی لەوەش کرد، ڕێگە بە ژیانەوەی گێڕانەوەکانی ڕژێمی پێشوو نادەین، سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە.