نێچیرڤان بارزانی: کوردستان هەمیشە وەک نیشتمانی فرەڕەنگی و لێبووردەیی دەمێنێتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان هەمیشە ماڵی هەموو پێکهاتەکان و پەناگەیەکی ئارامە بۆ هەموویان، جەختی لەوەش کردەوە، پێکەوە کار دەکەین و بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە ڕێز لە فرەڕەنگی دەگرێت و مافی هەموو لایەک دەپارێزێت.

دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی بەڕێوەبردنی ئەوقافی کڵێسا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، بەشداریی و ئەمادەبوونی ئەمڕۆمان گوزارشتە لە پابەندیی پتەومان بۆ پشتگیریکردنی لە مافی هەموو پێکهاتەکان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پاراستنی پێکهاتەکان و بەرگریکردن لە مافەکانیان تەنیا درووشم نییە، بەڵکو چەمک و بنایەمەیکی چەسپاوی بڕوامانە کە دەبێت پێکەوە بژین.

هاوکات ئاماژەی بەودا، لە سەرەتای دامەزراندی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و داکۆکیمان لە بەشداریی پێکهاتەکان لە کایەی سیاسییدا کردووە، کوردستان ئەمەی سەلماندووە، هەر ئەمەش هێزی بە کوردستان بەخشیوە.

گوتیشی: فەرەیی و هەبوونی پێکهاتە ئایینییەکان، بووەتە سەرچاوەی هێز و سەقامگیری بۆ کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان سەلماندی پەناگەیەکی ئارامە بۆ هەموو پێکهاتەکان.

سەرەنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ پێکەوە دەوەستین و کار دەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە ڕێز لە فرەڕەنگی دەگرێت و مافی هەموو لایەک دەپارێزێت.

لەبارەی بەڕێوەبردنی ئەوقافی کڵێساوە، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، کریستیانەکان بەشێکن لە میراتی گرنگ و دەوڵەمەندی شارستانیی ئەم ناوچەیە.

سەبارەت بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئەوقافی کریستیانەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پشتگیری تەواویی خۆمان بۆ خێرا دەکردنی یاسایەکی تایبەتی بە ئەوقافی کریستیانەکان دووپات دەکەینەوە، بە شێوەیەک لەگەڵ ڕۆحی دەستووری عێراق بگونجێت، ئەم یاسایە پەیامێکی ڕوون دەبێت کە موڵکی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

جەختی لەوەش کردەوە، پەیامی دڵنیایی بۆ کریستیانەکان دەنێرین کە میراتی باب و باپیرانیان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە.

نێچێرڤان بارزانی، دەشڵێت: کریستیانەکان و هەر پێکهاتەیەکی دیکەی ئایینی لە کوردستان میوان نین، بەڵکو خاوەن و هاوبەش و بەشێکی ڕەسەنی ئەم خاک و نیشتمانەن، کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی فرەڕەنگی، لێبووردەیی و ئازادی دەمێنێتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment