کریستی نۆوم: گفتوگۆیەکی ڕاشکاوم لەگەڵ ناتانیاهۆ لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران کردووە

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەردانی ئیسرائیلم کرد و گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاوانەم لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران ئەنجام داوە.
دووشەممە 26ـی ئایاری 2025، کریستی نۆوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە تایبەتی منی ناردووەتە ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە ئاگادار بکەمەوە لە ئەنجامی دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانیان لە ڕۆما کۆتایی پێ هێنا و ئاماژەیان بە هەندێک پێشکەوتنی سنووردار کرد.
لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کریستی نۆوم، پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ ناتانیاهۆ دووپات کردووەتەوە، هەروەها پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە هەبووە.
لای خۆیەوە گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ستایشی ئەو پابەندیی و پاڵپشتییەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل دەکەم.
جەختی لەوەش کردەوە، ئیسرائیل هیچ دۆست و هاوپەیمانێکی مەزنتر لە ئەمەریکای نییە، سوپاسی پاڵپشتییان دەکەم.
سەردانەکەی کریستی نۆوم بۆ ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە سوپای وڵاتەکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە چڕتر دەکاتەوە، کە بە گوتەی خۆی ئامانجی نەهێشتنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانە.