ناتانیاهۆ: هیچ بەڵگەیەک لەسەر بەدخۆراکی لە غەززە نییە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەرگریی لە پلانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە کە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت، کرد و ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یارمەتییەکان دەستیپێکردووە، ئەمەش بە ئامرازێکی چارەنووسساز بۆ لاوازکردنی حەماس ناوی برد."

ناتانیاهۆ بە ئاماژەی دا بە ئەوەی هەزاران غەززەیی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنێک، تازە کراوەتەوە بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان لە باشووری کەرتی غەززە، گوتی: دانی پێدا دەنێین "کۆنتڕۆڵمان لەدەستچووە."

لە میانەی وتارێکیدا بە زمانی ئینگلیزی لە وەزارەتی دەرەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: خۆشبەختانە کۆنترۆڵمان کردەوە.

ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ئەوەیە، ئەندامانی حەماس وەک ماسی بێ ئاو بکەن و بە پلەی یەکەم ئەو یارمەتییە مرۆییەیە تاڵانی دەکەن.

ناتانیاهۆ ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە ئیسرائیل سیاسەتی بە ئەنقەست بۆ برسیکردنی دانیشتوانی مەدەنی غەززە پەیڕەو کردبێت و بە "درۆیەکی گشتیی" ناو برد.

گوتیشی: لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕەوە بڕیارماندا سیاسەتێک پەیڕەو بکەین، ئەویش ئەوەیە ئێمە حەماس دەکەینە ئامانج نەک هاووڵاتیانی مەدەنی.

دەشڵێت: ئیسرائیل پابەند بووە بەم کارە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگەدان بە هاووڵاتیانی مەدەنی بۆ چۆڵکردنی ناوچە شەڕکەرەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، خۆراک و ئاو و دەرمان. ئەمەش ئەوەیە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و عەقڵی ساغ داوایان لێدەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ بەڵگەیەک لەسەر بەدخۆراکی لە کەرتی غەززەدا نییە، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئەمڕۆ یەک کەسی لاوازت نەبینیوە.

بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باشترین ڕێگا بۆ ئیسرائیل بەرپەرچدانەوەی ئەو "تۆمەتی درۆ"یە بەخێرایی شەڕەکە بباتەوە.

لای خۆیانەوە سۆشیال میدیای عیبری لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیایەکی ئەمەریکی هاوکاریی بەسەر ئاوارەکان لە باشووری کەرتی غەززە دابەش دەکات.

لای خۆیەوە ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی مرۆیی کەرتی غەززەی بە دڵتەزێن وەسف کرد.

هەروەها دوجاریک داوای کرد، هەموو خاڵەکانی پەڕینەوە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و کاڵا بازرگانییەکان بکرێنەوە، ڕوونیشیکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی "ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریکردن لەسەر ئاستێکی بەرفراوان".

هاوکات لایەنە فەڵەستینیەکان دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەمنیی ئەمەریکییەوە بە سووکایەتیکردن بە مرۆڤایەتی و کەرامەتی مرۆڤایەتی زانی، کە ئامانج لێی زەلیلکردنی گەلی فەڵەستینە و گۆڕینی کەرتی غەززە بوو بۆ ئۆردوگای کۆکردنەوە.

لایەنەکان لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە "دابەشکردنی یارمەتییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی ئەمنیی پەیوەست بە قەوارەی زایۆنی و سوپای زایۆنی، بەشێکە لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ پووچەڵکردنەوەی ڕۆڵی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان."

ئەوان داوای "دابەشکردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و مرۆڤدۆستانە و بێ جیاکاری" دەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، لە ڕۆژئاوای ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە سێ کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی وافا بڵاوی کردەوە، تەرمی سێ کەس دەرهێنراون، هاوکات 46 برینداریش گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی خاچی سوور لە ڕەفەح، ئەوەش دوای دەستڕێژیی گولـلەی ئیسرائیل کە خەڵکی سڤیل چاوەڕێی هاوکاری بوون لە ڕۆژئاوای ڕەفەح.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە 2ـی ئادارەوە ئیسرائیل بەردەوام بووە لە "سیاسەتی برسێتی سیستماتیک" کە نزیکەی 2.4 ملیۆن هاووڵاتی لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج، بە داخستنی دەروازەکان بۆ ئەوەی پێداویستییە هاوکارییەکان کە لەسەر سنوورەکان کەڵەکە بوون، ئەمەش کەرتی غەززەی خستۆتە ناو برسێتیەوە و ژیانی زۆر کەسی کوشتووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment