ئێران کەسێکی بە تاوانی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دا

دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، کەسێکیان بە تاوانی سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، ناسراو بە مۆساد لە سێدارە دا.
ماڵپەڕی میزان، سەر بە بەدەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بڵاوی کردووتەوە، ئەو کەسەی لەسێدارە دراوە لە ساڵی 2020 لە تاران دوای چالاکییەکی گوماناوی دەستگیر کراوە، پێشتر لە ئەورووپا و بەتایبەت ئەڵمانیا لەگەڵ بریکارەکانی مۆساد کۆ بووەتەوە و پەیوەندیی هەبووە.
هەر بە گوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی میزان، کەسی لەسێدارە دراو ناوی (پێدرام مەدانی)یە و لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە مەشق و ڕاهێنانی پێشکەوتووی پێ کراوە لە بارەی چۆنێتی کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، پێدرام مەدانی، زانیاریی هەستیار و نهێنی لەسەر ستراتیجییەتی ئێران کۆ کردووەتەوە و لەگەڵ کارمەندانی هەواڵگری ئیسرائیل لە برۆکسل کۆ بووەتەوە و زانیارییەکانی بە ئەفسەرێکی مۆسادی داوە.
دوای دادگاییکردن کە هەموو قۆناغە یاساییەکانی تەواو کراوە، دادگا بە تۆمەتی (دوژمنایەتی بەرانبەر خودا و بڵاوکردنەوەی چەپەڵی لەسەر زەوی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند."
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەرق، پێدرام مەدانی 41 ساڵ، هاووڵاتیی ئێرانییە و گوایە بە دەر لەوەی لە ئەڵمانیا و بەلجیکا دیداری لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل هەبووە، سەردانی ئیسرائیلیشی کردووە.
هەروەها لە بەرانبەر ئەو کارەی بۆ مۆسادی کردووە پارەی بە یۆرۆ و دراوی ئەلیکترۆنی بە دەست گەیشتووە.