بەوێنە: 10 چەکداری داعش لە چیای قەرەچووغ کوژران
دژەتیرۆر، فڕۆکە سەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانان هێرشیان کردووەتە سەریان

K24 - هەولێر
لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆر، فڕۆکە سەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانان لە چیای قەرەچووغ، 10 چەکداری داعش کوژران.
عەمید یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق شەوی رابردوو (سێشەممە، 18-8-2020) رایگەیاند "یەکەکانی دژەتیرۆری عێراقی بە پاڵپشتیی فڕۆکە سەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچووغ لە مەخموور ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی 10 چەکداری داعش".

لە راگەیەندراوەکەیدا لە توویتەر، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەروەها ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەیاندا: نۆ ئەشکەوت، کۆگای خۆراک و دەرمانی ئهو رێكخراوه لە چیای قەرەچووغ وێرانکراون.
دەزگای دژەتیرۆری عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا لەسەر هەمان بابەت، لە فەیسبووکی جەختی کردووەتەوە لەوەی لەماوەی سێ مانگی رابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر داعش چڕکردووەتەوە، دەشڵێ "بەتەواوی لەناوبردنیان، بەمزووانەیە و هیچ رێگەیەکی دیکە نییە".

دوای ئەوەی کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق بەفەرمی راگەیەنرا، بەشێکی چەکدارانی داعش لەنێو ئەشکەوتەکانی چیای قەرەچووغ خۆیان حەشاردا، کە ساڵی رابردوو بەپێی زانیارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، ژمارەیان نزیکەی 300 چەکدار دەبوو.
