گرفتی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ چارەسەردەکرێت و بەرهەمهێنانی ئاو دەبێتە دووهیندەی ئێستا

سەرۆکی حکومەت 400 ملیار دیناری بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ تەرخانکرد

K24 - هەولێر

زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی - دووكان تەرخانکرا، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی ئاو دوو هێندە زیاددەکات.

دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ پشت بە ئاوی دووكان دەبەسێت لە ڕێی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكانـەوە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و پێویستیی زیاتری ھاووڵاتییان بە ئاوی خاوێن، پڕۆژەکە پێویستی بە فراوانکردن هەبوو.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای گرفتە داراییەكان، لەبەر گرنگیی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ، بڕیاری دا بە خەرجكردنی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان.

فراوانکردنی پڕۆژەکە لەڕێگەی كڕینی سێ پەمپی جۆری سولزەری نەمسایی و یەک ماتۆڕی ئێلینی گەورەیە. بەگەڕخستنی ئەو پەمپانەش رێژەی بەرهەمهێنانی ئاو زیاددەکات و دەبێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتی ئاو لەو شوێنانە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ گرنگی ئەو پەمپ و ماتۆڕی ئاوانە ئاشکرا دەکات و دەڵێ: بەهۆیانەوە رێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، واتا بە دانان و بەگەڕخستنیان رێژەی بەرهەمهێنانی ئاوی ئاوی سلێمانی - دووكان لە 1500 مەترسێجای رۆژانەوە بەرزدەبێتەوە بۆ 3200 مەتر سێجا، واتە زیاتر لە دوو هێندەی بەرهەمی ئێستای.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment