سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان دا

لە نزیک قوشتەپەی سەر بە هەولێر، 7 سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵەی خاوەن پێداویستیی تایبەت 'داون' ـیان داوە و بە سەختی برینداریان کرد. ئێستا منداڵەکە لە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکەکان دایە و لە دۆخی بێهۆشیدایە، دکتۆرەکانیش دەڵێن: برینەکانی جەستەی منداڵەکە زۆر قووڵن.
دکتۆر عەبدوڵلا عەبدولغەفار، پزیشکی سڕکار و چاودێریی گوتی: سەگە بێلانەکان برینی زۆر قووڵیان کردووەتە سەر و لەشی منداڵەکە و بەشێکی زۆری پێستی سەری نەماوە. بەهۆی قووڵی برینەکانیش، مەترسیی زۆرە بەهۆی ڤایرۆسی سەگ، ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە.
ئێستا منداڵەکە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە و تەواو سڕ کراوە، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی سەگی لێ دراوە، ڤاکسینی دیکەشی لێ دەدرێت.
غەفار محەممەد باوکی منداڵەکە دەڵێت: تەنها منداڵی من نییە کە بووەتە قوربانیی سەگی بێلانە، چەند کەسی دیکەش لە لایەن ئەوە سەگانەوە پەلامار دراون، وای لێهاتووە سەگ تەنگی بە خەڵکی هەڵچنیوە، دەڵێت: حەوت سەگی بێلانە پەلاماری کوڕەکەی منیان داوە لەبەر دەرگەی ماڵەکەی خۆمان.
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 213 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ لە هەولێر تۆمار کراوە. دروستکردنی شەڵتەری سەگە بێلانەکان، هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی پەلاماردانی سەگی بێلانە و کەوتنەوەی قوربانی.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment