کۆشکی سپی: حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ویتکۆف ڕازی نەبووە

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی

کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ئیسرائیل ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی نەبووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، دەربڕیوە و بە ئاگربەست ڕازی بووە.

لەبارەی ڕووسیا و ئۆکرانیاش، کارۆلین لیڤیت، ئاشکرای کرد. ترەمپ هیوادارە هەفتەی داهاتوو ڕووسیا و ئۆکرانیا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بکەن و ڕێکبکەون.

ئەمەش لە کاتێکدایە. ئەمڕۆ مێدیا ئیسرائیلییەکان، بڵاویان کردەوە، ئەو پێشنیازیەی کە شەوی ڕابردوو ویتکۆف خستیتییە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم، بریتییە لە؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 60 ڕۆژی لە کەرتی غەززە، کە لەو ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێت و 18 تەرمیش بۆ وڵاتەکە دەنێردرێنەوە.

بە گوێرەی پێشنیازەکەی ویتکۆف، ئیسرائیل لە ڕۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری ڕێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوو، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمدا، لەو ناوچانەی کە لە باشووری ڕێڕەوی نەتساریم داگیری کردبوو دەکشێتەوە.

هەروەها لە پێشنیازەکەدا ئەوەش هاتووە، بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە دابەش دەکرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ ڕێكکەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل دەتوانێت شەڕ دەست پێ بکاتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment