بن گڤیر: کاتی ئەوە هاتووە بە هێزێکی تەواوەوە بچینە ناو غەززە

لە کاتێکدا هەواڵەکان لەبارەی قبوڵکردنی پێشنیاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاودەبنەوە، بەڵام هەندێک لایەن لە حکوومەتی ئیسرائیلدا هەن، دژی گەیشتن بە ڕێککەوتنن و بەردەوامن لە پاڵنانی بەردەوامی شەڕی غەززە.
ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، 30ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند، پێویستە "هێزی تەواو" لە غەززە بەکاربهێنرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس ڕایگەیاند "پێشنیازی نوێی ئاگربەست کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، لەگەڵ داواکارییەکانیدا نییە."
بن گڤیر لە تێلێگرام نووسیویەتی: دوای ئەوەی حەماس جارێکی دیکە پێشنیازی ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە، ئیتر هیچ بیانوویەک لە ئارادا نییە.
بن گڤیر دەشڵێت: دەبێت سەرلێشێواوی و پشێوی و لاوازی کۆتایی پێبێت. پێشتر دەرفەتی زۆرمان لەدەستداوە، کاتی ئەوە هاتووە بە هێزێکی تەواوەوە بچینە تەواوی ەززەوە، بەبێ دوودڵی، تا دوا ئەندام حەماس لەناوببەین و بکوژین.
سەرچاوەکانی حەماس هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند "بزووتنەوەکە ڕێککەوتنێکی بە پاڵپشتی ئەمەریکا قبوڵ کردووە. بەڵام بەسام نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند "وەڵامی داگیرکەری لە بنەڕەتدا بە واتای بەردەوامکردنی داگیرکاری و درێژەدان بە کوشتن و برسێتی و وەڵامی هیچ یەکێک لە داواکارییەکانی گەلەکەمان ناداتەوە، کە لە پێش هەموویانەوە کۆتاییهێنانە بە شەڕ و برسێتی".
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەش سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە هەموو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییەوە بیر لە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پێشنیازە دەکاتەوە.