ئامانج ڕەحیم: بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە بڕیارێکی ملزمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق

ئەمڕۆ هەینی، 30ـی ئایاری 2025، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی خۆی نووسیویەتی: بەپێی هەردوو ماددەی 12و 13ـی یاسای بودجە، پەیوەندیدارە بە داهاتی نانەوتی و پابەندیی نەوتی هەرێم، کە هەردوو حکوومەت ناکۆکیان هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەکە.
ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی کوردی دەقی ئۆڕجناڵی بڕگەی (شەشەم)ە لە لاپەڕەی (15) لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224 و موحدتها 269/ اتحادية/ 2023) لە 21-2-2024، کە بڕیارێکی ملزمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و نابێت هیچ یاسا و بڕیار و نووسراوێک پێچەوانەی ئەمە دەربچێت.
هەروەها "بڕگەی شەشەم ناکۆکی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم دەربارەی جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی کۆماری عێراق ژمارە (13)ی ساڵی 2023، و بە تایبەتی هەردوو ماددەی (12و 13)ی یاساکە، نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی خەرجنەکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە کاتی دیاریکراوی خۆی."
دەشڵێت: هەردوو ماددەی 12و 13ـی یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە داهاتی نانەوتی و پابەندیی نەوتی هەرێم، کە هەردوو حکومەت ناکۆکیان هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەکە.

دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامى، وەزىری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمی کوردستان بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .
لە بەرانبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند "ڕای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."