دەستەی مافی مرۆڤ: ڕاگرتنی مووچە، پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری دادگای فیدراڵییە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، هەرچی زووە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرن، چونکە بڕینی قوت، تاوانێکی گەورەیە، داوکاریشە بۆ چارەی ئەو پرسە بۆ بە دەستوور و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بگەڕێنەوە.
لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی 30ی ئایاری 2025، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و داواکارە لەسەر بنەمای دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەی ئەو پرسە بکرێت.
هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر بیانوێک بێت، پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە، کە نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی کێشەو پرسە سیاسییەکان بکرێت.
دەستەکە ڕایگەیاندووە، بڕینی قوتی خەڵک، کە مافی خۆیانە بۆ بژێوی، تاوانێکی گەورەیە ئەوە جگە لەوەی مووچەخۆران تووشی دڵە ڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەریی گەورە لە بازاڕو کاسبی هاووڵاتییان دەکات.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەداخەوە لەکاتێکدا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز، لە بری ئەوەی بەغدا هەنگاوی دیکەی بۆ چارەی کێشەکان بناتە، دەبوو زووتر مووچە بنێری تاوەکو خەڵک بۆ جەژن پێداویستیەکانیان دابین بکەن، کەچی بڕیاری نەناردنی مووچەیان دا و مووچە خۆرانیان هەناسە سارد کرد.
خەجتیش دەکاتەوە، تێکەڵکردنی بابەتی مووچەی هاووڵاتییان بە هەر پرسێکی دیکە کارێکی ڕێگە پێنەدراو و نادەستووریە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، محەممەد شییاع سوودانی دەکات، هەرچی زووە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرن، پێشنیازیش دەکات، بۆ چارەی کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گڤتوگۆ و دانووستاندن و پشت بەستن بەدەستوور و ڕێککەوتنەکان .
هەروەها داوای لە بەرپرسان و نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا دەکات هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی و دەستووری بگرنە بەر بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە پێش جەژن.