گرین پرۆفێت: عێراق لە ڕووی ئیدارەدانی ئاو شکستخواردووترین وڵاتە

پێگەی هەواڵی گرین پرۆفێت، ئاشکرای کردووە، حکوومەتی ئێستای عێراق لە ساڵی 2025، نازناوی شکستخواردووترینی لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی ئیدارەدانی ئاوەوە بەدەست هێناوە.

هەینی 30ـی ئایاری 2025، پێگەی هەواڵی گرین پرۆفێت، تایبەتمەند بە قەیران و خستنەڕووی چارەسەرییەکان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، دەسەڵاتی ئێستای عێراق، بە بەراورد بە دەسەڵاتەکانی پێشووی خۆی، وڵاتەکەی دووچاری داڕمانی ژینگەیی کردووە، بە ئەندازەیەک کە عێراقی 2025، نازناوی شکستخواردووترینی لە ئاستی جیهان، لە ڕووی ئیدارەدانی ئاو بەدەست هێناوە.

پێگە هەواڵییەکە ئاشکرای کردووە، ئێستا دۆخی ئیدارەدانی ئاو لە عێراق، خراپترینە نەک تەنیا بەراورد بە 80 ساڵی ڕابردوو، بەڵکو بەراورد بە ماوەی زیاتر لە شەش هەزار ساڵی ڕابردوو.

گرین پرۆفێت، باسی لەوە کردووە، لە سەردەمی سۆمەرییەکان، ئەکەدییەکان، بابلییەکان و میدیاکان، لە عێراق بەنداو و سیستەمی دابەشکردنی ئاوی پێشکەوتوو دروستکرابوو، کە زۆر جار بە پێشکەوتووتر لە سیستەمە ڕۆمانییەکان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە سەرەڕای پشتبەستن بەو پاشخانە دەوڵەمەندە، کەچی شکستی دامەزراوەیی بەرجەستە دەکات.

هەروەها ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، کشتوکاڵی عێراق زیاتر لە 90%ـی ئاوی وڵاتەکەی پێویستە، کە ئەمەش بە شێوەکی باش سوودی لێ وەرناگیرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050، بەرهەمی کشتوکاڵیی عێراق بۆ نیوە کەم بکات.

بە پێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، حکوومەتی عێراق سەروەریی خۆی ڕادەستی وڵاتانی هەرێمی کردووە و بڕی ئاوەکەشی بە ڕێژەی 40% بۆ 60%  کەمی کردووە، هاوکات لە نێوخۆشدا پارێزگاکانی باشوور، وڵاتەکە بە جیاکاری لە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو تۆمەتبار دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment