لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین شەش چەکداری داعش کوژران

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگری توانیویانە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین شەش چەکداری ڕێکخرای وداعش بکوژن و حەشارگەکەشیان وێران بکەن.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیەندارێکدا ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئایاری 2025، بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی وردی هێزی ئاسمانیدا، توانرا لە ناوچەی دۆڵی چا لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین شەش چەکداری داعش بکوژن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای زیاتر لە دوو مانگ چاودێری جموجوڵی چەند چەکدارێکی داعش، پاش ڕاپۆرتی تەواو و وردی دەزگای هەواڵگری، شەوی ڕابردوو تاوەکوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێرشەکان لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 و سیزنا کەرەڤان ئەنجام دراو و توانرا ئەو حەشارگەیەی چەکدارەکانی داعش بە تەواوی وێران بکرێت و شەش چەکداری داعشیش بکوژن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گۆڕانی دەسەڵاتی دیمەشق، حکوومەت و سوپای عێراق هۆشداری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەدەن و ترسیان لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە لە ناوەڕاستی عێراقدا هەیە.