فازڵ میرانی: فه‌رمانبه‌رانی كوردستان وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، بە داخەوە بەغدا سزای ئەو کەسانە دەدات کە هیچ تاوان و سەرپێچییەکیان نەکردووە.

هەینی 30ـی ئایاری 2025، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە گوتارێکدا دەڵێت: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نابێت بخرێنە مامەڵەی سیاسییەوە، بەڵام وەکو فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.

فازڵ میرانی گوتیشی: بە داخەوە بەغدا سزای ئەو کەسانە دەدات کە هیچ تاوان و سەرپێچییەکیان نەکردووە، هەروەها مووچەخۆرانی هەرێم عێراقین و کار بۆ لایەنی دەرەکی ناکەن تا‌ سزا بدرێن.

میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بۆچی سزای کۆمەڵێک خەڵک دەدرێت لەسەر پرسگەلێک کە  پەیوەندی بە دەزگاکانی سیستەمی فیدراڵییەتەوە هەیە؟ لە کاتێکدا فەرمانبەری دەوڵەت هیچ سزایەک نایگرێتەوە.

دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامى، وەزىری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت مووچە بنێرێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمەکە بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .

لە بەرانبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: "ڕای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسیکردنی قوتی خەڵکە."

 
 
Fly Erbil Advertisment