ڕێباز حهملان: بەغدا ستەم لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات

یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتى ههرێمی كوردستان، ئاشکرای کرد، بەغدا ستەم لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هیچ پاساوێکیش بۆ نەناردنی مووچە نییە. دەشڵێت: بڕیارەکەی تەیف سامی بۆ نەناردنی مووچە بە ئیرادەی خۆی نەبووە، بەڵکو بە فەرمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بووە.
هەینی 30ـی ئایاری 2025، ڕێباز حهملان، یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتى ههرێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بە بەردەوامی تاوەکوو ئێستا حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، زووڵم لە مافە دەستوورییەکان خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتى ههرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: بەرپرسانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بێ وەفا بوون، ئەو حکوومەتەی ئێستای عێراق بە پشتیوانیی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و لایەنە کوردییەکان پێک هێنراوە، بەڵام ب ەداخەوە ئەوان ئەو چاکانەیان لەپێش چاو نییە، حکوومەتی عێراق هەر کاتێک دەسەڵاتی هەبووبێت بە پێچەوانەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمەکە دەکەن.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە دەستووری عێراق لە ماددەی 121ـدا هاتووە، داهات و سەرمایەکانی عێراق بۆ هەموو گەلەکەیەتی بێ جیاوازی، هەروەها ستەمێکی گەورەیە ئەگەر بێت و هاووڵاتییان بڵێن ئەو بڕیارانەی وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، لە کاتێکدا دەستوور ڕێگەی پێداوین ئەو کارە بکەین.
دەشڵێت: ئەو کارانەی بەغدا دەیکەن دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، هەروەها هەم لە بڕیاری دادگای فیدراڵیشدا هاتووە، کە نابێت مووچە تێکەڵی بابەتی سیاسی و پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی بکرێت.
یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتى ههرێمی كوردستان، دووپاتی کردەوە، ئەوەی لە بەغدا دەکرێت دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، زووڵمێکی گەورەی سیاسییە بەرانبەر بە هەرێمەکە و باجەکەشی مووچەخۆران دەیدەن.
جەختی لەوەش کردەوە، هیچ پاساواێکی یاسایی و دارایی بە دەست بەغداوە نەماوە تا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت، بەڵام تەنیا دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەسەر هەرێمەکە بسەپێنن و ئەمەشیان قەت پێ ناکرێت.
لەبارەی بڕیارەکەی تەیف سامییەوە، حهملان، گوتی: کەسێکی نزیکی تەیف سامی ئاشکرای کردووە، کە ناوبراو زۆر نیگەران بووە، چونکە بە ئیرادەی خۆی ئەو بڕیارەی دەرنەکردووە، بەڵکوو بە فەرمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بووە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پیرمام، ڕێباز حهملان، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی خۆی بە خاوەنی پرسێکی گەورە دەزانێت، بۆیە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، داوای کردووە سبەینێ کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و لایەنە سیاسییەکانیش تێیدا بەشدار بن، بەڵام بە داخەوە هەندێک لایەن وەک پرسێکی حزبی خوێندنەوەیان بۆ ئەو بابەتە کردەوە، لە کاتێکدا کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە حزبەوە نییە و بەڵکو چارەنووسسازە و لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی ڕوونکردەوە، بۆیە کۆبوونەوەکەی سبەینێ لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت، چونکە پەرلەمانەکە هێشا دەستەی سەرۆکایەتیی نییە، بۆیە ناتوانێت ئیدارەی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بکات.
یاریدهدهری سهرۆكی حكوومهتى ههرێمی كوردستان، گوتیشی: سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارە بکەن و بەر لە جەژن مووچە بنێردرێت، بەڵام ئەگەر بەرپرسانی بەغدا نییەتی چارەسەرییان نەبێت ئەوا دڵنیابن ئەنجامەکەی باش نابێت بۆیان، لەم هەفتەیەش شاندێکی باڵای بەغدا سەردانی هەولێر دەکات.
بڕیارە سبەینێ شەممە 31ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، کاتژمێر 11ـی بەیانی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو پێشهاتە نوێیەی کە بەغدا دروستی کردووە و، پەیوەندیی بە قوت و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.