وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: چین خۆی بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئایاری 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا هۆشداری دا لەوەی هێزە سەربازییەکانی چین، مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەرکێکی گرنگ، کە ڕەنگە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە بکەن.

هێگسێت، لە میانی کۆڕبەندی ئاسایشی شانگریلا لە سەنگافورە گوتی: "ئەوە زانراوە، کە شی جین پینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە سەربازەکانی کردووە تا ساڵی 2027، هێرش بکەنە سەر تایوان، هەروەها سوپایەکی سەربازی بۆ ئەو کارە دروست دەکات، و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەو ئەرکە."

هێگسێت، داوای لە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی واشنتن کرد کە بە خێرایی خەرجییە سەربازییەکانیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین زیاد بکەن.

هێگسێت، هۆشداری دا لەوەی چین "خۆی ئامادە دەکات بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکانی ئۆقیانووسی هیندی و ئۆقیانووسی هێمن."

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو مەترسییەی چین دروستی کردووە ڕاستەقینەیە و ڕەنگە نزیک بێت." دەشڵێت: پەکین هیواخوازە زاڵ بێت و کۆنترۆڵی ئاسیا بکات.

گوتیشی: وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی ئۆقیانووسی هیندی و ئۆقیانووسی هێمن، دووپاتیشی کردەوە "ئێمە بۆ مانەوە لێرەین."

چین، تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە، بیکاتەوە یەک پارچە لە خاکی خۆی، فشارە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی زیاد کردووە.

حکوومەتی تایوانیش قسەکانی پەکین ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵکی تایوان بە تەنیا دەتوانن بڕیار لە داهاتوویان بدەن.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment