مەزڵووم عەبدی: ئامادەم لەگەڵ ئەردۆغان کۆ ببمەوە

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئاشکرای کرد، لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ تورکیا، دەشڵێت: دەمانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەینەوە و  ئامادەم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببمەوە. 

مەزڵووم عەبدی خواستی خۆی لە باشکردنی پەیوەندییەکانی هەسەدە لەگەڵ تورکیا نیشاندا، ئەوە لە کاتێکدا تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا ڕێککەوتن.

عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی کەناڵی شەمس ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پەیوەندیی دایە، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و پەیوەندییەکان ئاشکرا بکات.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاشیگەیاند: بە نێوەندگیریی لایەنێک، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کەناڵە جیاوازەکانی سیاسیی تورکیا هەیە،  ئومێدی ئەوەی کرد  پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بەرەو باشتر بچن.

پێشتر تورکیا هەڵویستی خۆی لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاشکرای کردووە لەوەی، ناتوانن ئەو هێزە لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) جیا بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی پارتەکە بڕیاری خۆی هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکی بەرانبەر تورکیا داوە دوای 40 ساڵ لە گرژی و ململانێی نێوانیان.

لەو چاوپێکەوتنە میدیاییە، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی تورکیا شەڕی دوور و درێژیان دژی یەک کردووە، بەڵام ئەو ئاگربەستەی کە دوو مانگ پێش ئێستا لەنێوانیان دروستبووە، ئومێد دەکات بەردەوام بێت.

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکەی کەناڵی شەمس ئاشکرای دەکات، ئالەنگاریی ئەمنیان هەیە و دەڵێت:  هەڕەشەی ئەمنی لە ناوچەکە هەیە، بەڵام هێزەکانمان لە بەرەکانی پێشەوە لەو پەڕی ئامادەباشیدان. عەبدی دەڵێت: هەڕەشەی ئەوە هەیە ناوچەکەمان داگیر بکرێت، بەڵام ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و و ڕێککەوتن لەنێوانماندا هەیە ، گوتی: پێمان وایە چارەی زۆر بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان هەن، لە کاتێک ئەگەر لە دەستووری نوێی سووریا ئەو ماف و داواکارییانە چەسپا کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیەتی، ئەو کاتە ئارام دەبین و نیگەرانیمان نامێنێت، بەشداریی پرۆسەی سیاسییش دەکەین.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment