لایەنە سیاسییەکانی هەرێم: حکوومەتی عێراق پێویستە پرسی مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکات

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند: پێویستە حکوومەتى فیدراڵى پابەند بێت بە ئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرانبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و مافى مووچەخۆرانى هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکات. هاوکات، دووپاتیان کردەوە، بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین ڕێگەچارە دەزانن بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەمیان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، هێز و لایەنە سیاسییەکان، کۆبوونەوەیەکى هاوبەشیان لە پیرمام ئەنجام دا بە مەبەستى تاوتوێکردنى دۆخى سیاسى کوردستان و عێڕاق و، کێشە و گرفتەکانى نێوان هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ، بە تایبەتى دوا بڕیارى نادەستوورى و نایاسایی وەزارەتى دارایى حکوومەتى فیدراڵ و ڕاگرتن و نەناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دواى گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوەى پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لایەنەکان هاوڕابووین لەوەى کە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێن: بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و بڕیارى دادگاى فیدراڵى و یاساى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى عێراق و ڕێککەوتنەکانى نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ، پێویستە حکوومەتى فیدراڵى پابەند بێت بە ئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و مافى مووچەخۆرانى هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت. هەروەها حکوومەتى فیدراڵ دور بکەوێتەوە لە سیاسەتى برسیکردن و فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەم سیاسەتە جگە لە قووڵکردنەوەى گرفتەکان، نادیدەگرتنى گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانى ناوچەکەشە، بۆیە لە بەرژەوەندىی هیچ لایەکدا نابێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکدا باس لەوە کراوە، ئێمە وەکو هێز و لایەنە سیاسییەکانى گشت پێکهاتەکانى کوردستان وێڕاى سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگرىی مووچەخۆران، فەرمانبەر، پێشمەرگە، مامۆستایان و گەلى سەربەرزى کوردستان بە گشتى، دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵوێست و بڕیار و هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و هەرێمى کوردستان دەبێت و بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین ڕێگەچارە دەزانین بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان.

حزب و لایەنە کوردستانییەکان:

  1. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.
  2.  بزووتنەوەى گۆڕان.
  3.  پارتى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان.
  4. بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان.
  5. حزبى شیوعى کوردستان.
  6. بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان.
  7. حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان.
  8. پارتى ڕەنجدەرانى کوردستان.
  9. پارتى پارێزگارانى کوردستان.
  10.  یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان.
  11. بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان.
  12.  پارتى نەتەوەیى کوردستان
  13. بزووتنەوەى ڕزگارى دیموکراتى کوردستان.
  14. حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان.
  15. پارتى بنیادى دیموکراتى کوردستان.
  16. بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان.
  17. هاوپەیمانى نیشتمانى.
  18. حزبى ڕزگارى کوردستان_دەستەى سەرۆکایەتى.
  19. پارتى دیموکراتى تورکمان.
  20. پارتى نیشتمانى تورکمان.
  21. پارتى ڕزگارى نەتەوەیى تورکمان.
  22.  پارتى یەکگرتووى تورکمان.
  23. بزووتنەوەى تورکمانى بێلایەن.
  24. پارتى گەشەپێدانى تورکمان.
  25. پارتى چاکسازى تورکمان.
  26. پارتى گەلى تورکمانى عێراق.
  27. بەرەى تورکمانى.
  28.  بزووتنەوەى دیموکراتى تورکمان.
  29.  پارتى گەزەنگى تورکمان.
  30.  پارتى ئیرادەى نیشتمانى تورکمان.
  31.  پارتى تورکمان ئیللى.
  32.  لیستى میللەت.
  33.  لیبراڵى تورکمانى.
  34.  پارتى یەکێتى دیموکراتى کلدانى.
  35.  پارتى ئەنجوومەنى نەتەوەیى کلدانى.
  36. حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن.
  37.  پارتى ئەنجوومەنى میللى کلدانى سریانى ئاشوورى.
  38.  ڕەوتى شلاما.
  39. پارتى بزووتنەوەى گردبوونەوەى سریانى.
  40.  کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى ئەرمەن.
  41. دەستەى کارگێڕى بەڕێوەبردنى طائیفەى ئەرمەن.
  42.  ڕابیتەى کلدانى جیهانى.
  43.  پارتى دیموکراتى کوردستان.
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment