حزبی شیوعیی عێراق: نابێت هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان سزا بدرێن

حزبی شیوعیی عێراق لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و سزادانی بە کۆمەڵی هاووڵاتيیان ڕەت دەکاتەوە و دهڵێت: بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنێکی نەگونجاوە.
شهممه، 31ـی ئایاری 2025، حزبی شیوعیی عێراق، له ڕاگهیهنراوێكدا ڕایگهیاندووه "کێشە و گرژییەکانی نێوان حكوومهتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ململانێ سیاسییەکان ڕەوا نین و نابێت ببنە هۆی سزادان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئابووری و دارایی، ئەمەش بارگرانی زیاتر بخاتە سەر هاووڵاتییانی عێراق بەگشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
حزبی شیوعیی عێراق گوتوویهتی: بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنێکی نەگونجاوە و "بێبەشکردنی توێژێکی فراوانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمانە لە سەرچاوەی داهات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر قورسکردنی ژیان و گوزەرانییان و نەهامەتییەکانیان زیاتر دەکات."
حزبی شیوعیی عێراق دهشڵێت: کاتی چارەکردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولایە لە ڕێگەی دیالۆگێکی شەفاف و ڕاستگۆیانە تا بگەن بە ڕێکەوتنێکی فەرمی بەتایبەت لە بارەی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە دۆسییەی نەوت و غاز و داهات و گومرگەوە هەیە لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتنێکی هاوبەش."
حزبی شیوعیی عێراق، بە پێویستیشی زانیوه پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بێت لەنێویشیاندا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دوور بێت لە سزادانی بەکۆمەڵ.
حزبی شیوعیی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتییان بکرێنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان، یاخود قووتی ژیانیان بۆ ملکەچکردن و گێچەڵپێکردن بەکار بهێنرێت.