سامان بەرزنجی: عێراق بەشە بودجەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نادات

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: عێراق، هەرێمی کوردستانی لە خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەش کردووە، لە کاتێکدا هەرێمەکە بەبێ جیاوازی خزمەتی تەندروستیی خەڵکی عێراقی کردووە.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: عێراق بەشە بودجەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نادات، هەروەها بەشە دەرمانی هەرێمەکەش دابین ناکات.

ئاماژەی بەوە دا، لە کابینەی نۆیەمدا بە سوپاسەوە بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستیی نەخۆشخانەکان، بودجەی بۆ وەزارەتەکە زیاد کردووە.

لەبارەی دەرمانی شێرپەنجەوە، سامان بەرزنجی، ڕایگەیاند: عێراق بە ڕێژەی نزیکەی 20% پێداویستیی شێرپەنجە بۆ هەرێم دابین دەکات، بەڵام 80%ـی پێداویستیی نەخۆشییەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابین دەکرێت، لە کاتێکدا نزیکەی 40%ـی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان ئەو کەسانەن کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دێن و سەردانی نەخۆشخانەکانی کوردستان دەکەن.

دەشڵێت: عێراق، هەرێمی کوردستانی لە خزمەتگوزاریی تەندروستی بێبەش کردووە. باسی لەوەش کرد، عێراق تەنانەت پێداویستی پزیشکی بۆ کەمپی ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستانن، دابین ناکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment