کونسوڵی ئەمەریکا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەین

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئەوەی قوتابییان دوای دەرچوونیان ببنە سەرکردە.
ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕێورەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک ڕایگەیاند: داوا لەدەرچووانی ئەو زانکۆیە دەکەم هاوکاربن لە بەرەوپێشچوونی زیاتری هەرێمی کوردستان، ئێوە دەتوانن گۆڕانکاری زۆر بکەن، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئێوە دەتوانن کاریان تێدابکەن و ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئێوە.
ستیڤ بیتنەر گوتی: چاومان لەوەیە کۆمپانیایی زیاتر ئەمەریکی بێتە هەرێم و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتردەکەین، هەروەها ژینگەیەکی زۆرباش لێرە رەخساوە، هەربۆیە پێویستە ئێوە ببنە سەرکردەی داهاتوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، "زانکۆی ئەمەریکی دانپێدانانی ئەمەریکا وەرگرتووە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسروربارزانی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەدا، 93 قوتابیی هەر چوار کۆلێژی هونەر و زانستەکان، کارسازی، ئەندازیاری، پەرستاری بڕوانامەی دەرچوونیان پێ دەدرێت. لە نێویاندا 18 دەرچوو یەکەمەکانی سەر کۆلێژەکانیانن.
ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم، 23 قوتابی لە کۆلێژی پەرستاریی زانکۆکە دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ دەردرێت. ئەم قوتابییانە، کورسی خوێندنیان بێبەرانبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دابین کرابوو.