کۆمیسیۆن: تا ئێستا 33 هەزار ئاوارە کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: ئاوارەکانی شنگال بە سوودوەرگرتن لە کارتی بایۆمەتری، دەتوانن لە ناوەوە یان دەرەوەی کەمپەکان دەنگ بدەن.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا 33 هەزار ئاوارە کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی: ئاوارەکانی شنگال بە سوودوەرگرتن لە کارتی بایۆمەتری دەتوانن لە ناوەوە یان دەرەوەی کەمپەکان دەنگ بدەن، بەڵام ئاوارەکانی دیکە بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان دەبێت لە ناوەوەی کەمپەکان دەنگ بدەن، بە مەرجێک ناویان لە ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمار کرابێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە 28ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لە پارێزگای هەولێر 116 هەزار و 724 دەنگدەر کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە، لە دهۆک 60 هەزار و 422 دەنگدەر و لە سلێمانی 85 هەزار و 464 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، لە پارێزگای کەرکووک 85 هەزار و 629 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، زۆرترین نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگای نەینەوایە کە 237 هەزار و 90 دەنگدەرە، کەمترینیش لە پارێزگای موسەنایە، کە 21 هەزار و 171 دەنگدەرە.

کۆی گشتیی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە جگە لە ئاوارەکان، بریتییە لە 1،613،421 کەس.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment