کازمی: پێویستە سیستەمی کۆنفیدراڵی بە کورد بدرێت
مستەفا کازمی ڕایدهگهیهنێت، عێراق پێویستی بە سیستەمی سەرۆکایەتی و پێدانی کۆنفیدراڵی بە کورد هەیە.
مستهفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردووه، سیستەمی پەرلەمانی لە سەردەمی پاشایەتییەوە لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە، بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی، دەکرێت بە پێدانی کۆنفیدراڵی، دڵنیایی بە کورد بدرێت.
بە گوتەی کازمی "بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی عێراق ئارەزووی سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەن، ڕەنگە بە ئاشکرا باسی نەکەن. بهڵام ئەوەی لەو سیستەمی سەرۆکایەتییەدا زیانمەندە، تەنیا کوردە. با بێین دڵنیایی بە کورد بدەین و سیستەمی سەرۆکایەتی پەیڕەو بکەین، ئازادییەکی زیاتریش بە كورد دەدەین؛ بەڵام لە دوو پرسدا دەمانەوێت لەگەڵمان هاوبهش بن، ئهوانیش سیاسەتی دەرەوە و بەرگرییکردن لە وڵات."
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەپرسێت "بۆچی ئازادیی زیاتر بە کورد نەدرێت، كه پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەمیشە گرژیی و ئاڵۆزیی و کێشەی بەخۆیەوە بینیوە؟ بۆچی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە فیدراڵییەوە نەگوازینەوە بۆ کۆنفیدراڵی، یان فیدراڵییەکی بەرفراونتریان پێ نەدەین؟ کورد دڵنیا بکەینەوە کە مافەکانیان پارێزراوە، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەیە هاوشێوەی بابەتی مووچە."