سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا: دۆخی غەززە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دۆخی غەززە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، و گرنگە دڵنیا بین لەوەی کە  یارمەتی مرۆیی زیاتر دەگەنە ناوچە فەڵەستینییەکان.

دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: دۆخی غەززە بەرگە ناگیرێت، ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە  "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانان کار دەکەین، بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییە پێویستییەکان بە خێرایی و بچنە ناو غەززە، کە ئێستا یارمەتییەکان ناچنە ناو غەززە، ئەمەش دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە."

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، بزوتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بۆ مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ، ئامادەن دەست بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.

ئاماژەشی داوە، مەبەست لە دانوستانەکان بۆ پاراستن و سەقامگیریی هاووڵاتییانی فەڵەستین و دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانە. هەروەها باسی لەوەش کردووە، دەبێت ئاگربەستەکە هەمیشەیی بێت و سوپای ئیسرائیلیش بە تەواوی لە غەززە بکشێتەوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment