نەشتەرگەریی بۆ ئافرەتێک کراوە مشتێک بەرد لە گورچیلەی دەرهێنراوە

لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەشتەرگەریی بۆ ئافرەتێک کراوە، سەدان بەردی بچووک و چەند بەردێکی گەورە لە یەکێک لە گورچیلەکانی دابوون.
سابر سلێمان، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025 بەماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوێنێ نەشتەرگەریمان بۆ نەخۆشێک کرد کە ژمارەیەکی زۆری بەرد لە یەکێک لە گورچیلەکانی دابوون.
سابر سلێمان گوتیشی: ژمارەی بەردەکان یەکجار زۆربوون تەنانەت لە مشتێک زیاتربوون، یەکێک لە بەردەکان دوو سانیتم و دوو بەردییان یەک سانتیم بوون، سەرجەم بەردەکان بە بچووک و گەورە دەرهێندراون و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کرا.
ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، ئەمە دووەمین حاڵەتی لەمشێوەیە دەبیندرێت لە سۆران، لە ڕابردووش منداڵێکی سێ ساڵان ژمارەیەکی زۆری بەرد لە یەکێک لە گورچیلەکانی دابوون، کە هەردوو حاڵەتەکە خەڵکی شارەدێی سرێشمەیی خەلیفانن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو حاڵەتەی دوێنێ نەشتەرگەرییان بۆکرد، هیچ هەستی بە ئازار نەکردووە لە گورچیلەکانی، بەڵام لەکاتی ئەنجامدانی سۆنار بۆی دەرکەوتووە، هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سێ مانگ جارێک سۆنار بۆ گورچیلەکانیان بکەن و سەردانی پزیشک بکەن.
ئەو کەسەی نەشتەرگەریی بۆکراوە، ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵان بووە.
بەردی گورچیلە
بەردی گورچیلە یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە لەناو ھاوڵاتیاندا باوە و لە ئەنجامی كۆبوونەوەی خوێی زیادە و پڕۆتین و ھەندێك ماددە و كانزای دیكە دروست دەبێت.
ئەم كێشە تەندروستییە جگە لەوەی ئازارێكی زۆر بە لەش دەگەیەنێت، كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی ژیانی ڕۆژانە دروست دەكات و دەبێتە ھۆی بێزاركردنی ئەو كەسانەی بەرد لە گورچیلەیاندا دروست بووە.
پسپۆرانی تەندروستی بە مەبەستی دۆزینەوە و ئاشكرا كردنی ھۆكار و نیشانەكانی توشبوون بە بەردی گورچیلە چەندین توێژینەوەیان ئەنجامداوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین دەرمانی جیاواز بۆ چارەسەر كردنی نەخۆشییەكە دروست كراوە
بەردی گورچیلە چۆن دروست دەبێت؟
بەردی گورچیلە دروست دەبێت کاتێک پێکهاتەکانی ناو میز (شلە چەندین جۆری کانزاو ترشەکان) هاوسەنگییان تێکدەچێت کاتێک ئەمە ڕودەدات وادەکات میز چەندەها ماددەی وەکو کریستاڵ و ترشی یوریکی دروست بکات گرنگترین هۆکارەکانی دروست بوونی بەردی گورچیلە:
کەم خواردنەوەی شلە وەکو ئاو
بۆماوەیی
تەمەن و رەگەز زۆربەی ئەوانەی توشی بەردی گورچیلە دەبن لە ڕەگەزی نێردان
خۆراک و قەڵەوی
کێشەی کۆئەندامی هەرس.