فەوزی هەریری: هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا دەستپێدەکەنەوە

کازمی شاندی کوردستان بانگهێشت دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان

 

K24 - واشنتن

سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ واشنتن به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بانگهێشتی کردوون تاوەکو هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان دەستپێبکاتەوە.

فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ واشنتن لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی دوێنێی شاندی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە واشنتن ئاشکرا کرد.

مستەفا کازمی بەگوتەی فەوزی هەریری سوپاسی شاندەکەی کردووە "بۆ ئامادەبوون و پشتگیریکردنمان لە دانوستانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بوارە جیاوازەکان. هەروەها داوای کرد بەردەوام بین لە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانەی لەو یەک دوو رۆژە دران".

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێش ئەوەی بەغدا بەرەو واشنتن جێبهێڵێت، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی هەشت خەرجکرد، کە بودجە یەکێکە لە کێشە گەورەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

فەوزی هەریری هەروەها ئاشکرای کرد کازمی گوتوویەتی "کێشەی ئابووری زۆرن و بەڵێنتان پێدەدەم هەفتەی داهاتوو دەست بە دانوستانی دووقۆڵی بکەین". دەشڵێ "بەڕێز ئامانج رەحیمیشم لەگەڵ بوو، کە ئەندامی لیژنەی دانوستانە لەگەڵ بەغدا و گوتی زۆر گرنگە هەفتەی داهاتوو بێن و لە بەغدا ئامادەبن بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە دانوستانەکان بکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

کازمی هەروەها سوپاسی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەو پشتگیرییەی پێشکەشیان کردووە تاوەکو بتوانێت کارەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەڕێوە ببات.

کۆبوونەوەکانی شاندی کوردستان و بەرپرسانی ئەمەریکا

شاندی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکی جیاوازی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە واشنتن کرد. فەوزی هەریری دەڵێ "دوێنێ دوو کۆبوونەوە هەبوون و من لەگەڵ شاندی هەرێمی کورستان و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی یەک کاتژمێر و 10 خولەک، لەگەڵ گەورە راوێژکارەکانی سەرۆک ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبووینەوە".

لە کۆبوونەوەکاندا شاندی کوردستان و ئەمەریکییەکان باسیان لە رەوشی سیاسی، ئابووری و رۆڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئه‌وان جه‌ختیان له‌ پشتگیریكردنی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، ئاشکرای کرد "دان بروولیێت، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مەریكا دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاگاداریشیكردوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات".

فەوزی هەریری لە کۆتایی گوتەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی گفتوگۆکان زۆر ئەرێنی بوون، بۆیە دەڵێ "بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووین بەو سەردان و کۆبوونەوانە".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment