سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی لە فه‌خری كه‌ریم كرد

سەرۆکی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەخری کەریم کرد بە بۆنەی خەڵاتکردنی لەلایەن لووتکەی میدیای عەرەبی.

دووشه‌ممه‌، 2ـی حوزه‌یرانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەلمەدا کرد بە بۆنەی خەڵاتکردنی لەلایەن لووتکەی میدیای عەرەبی لە دوبەی و دەستنیشانکردنی وەک "کەسایەتیی ڕاگەیاندنکاری ساڵ".

سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌: "بە بۆنەی خەڵاتکردنتان لەلایەن لووتکەی میدیای عەرەبی لە دوبەی و دەستنیشانکردنتان وەک (کەسایەتیی ڕاگەیاندنکاری ساڵ)، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم."

سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی: "بەڕێزتان ڕۆڵێکی دیار و کاراتان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و چاپەمەنیی و پشتیوانیکردنی نووسەران و ڕۆشنبیران و پەرەپێدانی ئازادیی بیروڕا و ڕاگەیاندنی بەرپرسیار هەیە کە لە خزمەت پرسەکانی هاووڵاتییاندایە. ئومێدەوارم هەمیشە لە پێشکەوتنی بەردەوامدا بن و لە تەندروستیدا بژین."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment