" UN و ئەمەریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن"

راوێژکارێکی کازمی: ھەردوولا ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە

K24 - واشنتن

حوسێن هینداوی، راوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا بەردەوام داوا دەکەن، کە لەنێوخۆی عێراق لایەنە سیاسییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کێشەکانیان چارەسەر بکەن و جەختیش لەسەر گفتوگۆی نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە.

گوتیشی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئاساییە و بەردەوام گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە، هەروەها هەردوولا ئارەزووی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانیان هەیە، کە لە بەرژەوەندی خەڵک بێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا بەردەوام داوا دەکەن،  لایەنە سیاسییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کێشەکانیان چارەسەر بکەن و جەختیش لەسەر گفتوگۆی نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە، چونکە خەڵک ئازاری زۆریان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە چەشتووە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەمەریکا داوا دەکات، کێشەکان لە رێگەی دانیشتن و گفتوگۆی برایانە چارەسەر بکرێن، هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە".

Fly Erbil Advertisment