بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلەی ڕێختەر یۆنان و 5.8 پلەی ڕێختەر تورکیای هەژاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، ناوەندیی بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای ناوەڕاست ڕایگەیاند, بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە دوورگەکانی دۆدیکانیسا یۆنان، کە نزیکە لە سنوورەکانی تورکیایە ڕووی دا.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بوومەلەرزەکە لە وڵاتانی دراوسێ هەستی پێ کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بوومەلەرزەکە، کاتژمێر 2:17 خولەکی بەرەبەیان، بە کاتی ناوخۆی یۆنان، لە قووڵایی 75 کیلۆمەتر و دووریی 146 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای دەنیزلی تورکیا و 22 کیلۆمەتر لە دوورگەی ڕۆدسی یۆنانییەوە ڕووی داوە.
دانیشتوانی قاهیرە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و تاکوو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەبارەی زیانە مرۆیی و ماددییەکان تۆمار نەکراوە.
لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند "درەنگانی دوێنێ شەو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.8 پلە لە کەناراوەکانی مەڕمڕیس لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیای داوە و کچێک گیانی سپاردووە و 69 کەسیش برینداربوون."
دەشڵێت: ناوەندیی بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 68 کیلۆمەتردا بووە.
لای خۆیەوە وەزیری تەندروستیی ڕوونیکردەوە، کچێکی تەمەن 14 ساڵ لە دوای ترس و دڵەڕاوکێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە کۆچی دوایی کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، 69 کەس بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە شوێنی بەرزەوە خۆیان هەڵداوە و برینداربوون. ئاماژەی بەوەش کرد، بوومەلەرزەکە زیانی بە هیچ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون نەگەیەناندووە.
بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا، زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی کەنار دەریاکانی تورکیا، وەک مەڕمەڕیس، فەتحیە و بۆدروم، دەکەونە پارێزگای موگلا، کە لە ساڵی 2024 پێشوازیی لە 3.7 ملیۆن گەشتیاری بیانی کردووە.