خەزعەلی: ئەمەریکا هاوڕەگەزخوازی لەنێو گەنجانی عێراق بڵاودەکاتەوە
"ملیۆنان دۆلار لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکات"

K24 - هەولێر
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلولحەق واشنتن تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی لەنێو گەنجانی عێراق.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلولحەق لە گوتەیەکدا بەبۆنەی هاتنی مانگی موحەرەم گوتی: "واشنتن هەوڵدەدات لە رێگەی پڕۆژەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، کە ملیۆنان دۆلار بە رێگەی جیاواز خەرجدەکات و لەڕێگەی سەنتەرەکانی لیکۆڵینەوە و پارەدارکردنی خوێندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوڕەگەزخوازی لە عێراق بڵاوبکاتەوە".
ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەگوتەی خەزعەلی: "لێدانە لە شووناسی کولتووریی عێراق و چاندنی هەڵسوکەوتی نەشازە (مونحەریف). ئەمەریکا بڕێکی ئێجگار زۆر پارە خەرج دەکات لەپێناو بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی لەنێو گەنجانی عێراق و هەڵوەشانەوەی پەیوەندییە خێزانییەکان".
خەزعەلی، لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە تاوانی "دەستهەبوون لە پێشێلکاریی گەورە لە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق" سزادراوە.
هەروەها مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 31ـی دیسەمبەری 2019 ناوی چەند سەرکردەیەکی گرووپە عێراقییەکانی هێنا و، گوتی بەرپرس بوون لەو هێرشەی کراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ساڵی 2019، یەکێک لەوانەش خەزعەلی بوو.
عەسائیبی ئەهلولحەق، گرووپێکی سیاسیی عێراقییە و باڵە سەربازییەکەی بەهێزە، ئێستا بەشێکن لە حەشدی شەعبی، لە 3-1-2020 ئەمەریکا گرووپەکەی وەکو گرووپێکی تیرۆرست ناساند و خەزعەلی و لەیسی برای وەکو دوو تیرۆرستی نێودەوڵەتی ناساند.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئاڵای هاوڕەگەزخوازان کە پێی دەگوترێت "ئاڵای پەلکەزێڕینە" لە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هەڵکرا و ئەمەش دەنگۆیەکی زۆری نایەوە.