پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی جەژن

شارەزایەکی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی پێشبینی کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی ڕاگەیاند و دەڵێت: پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.
سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی هەینی، 6-6-2025، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، ئاسمان ساماڵ بێت، هەندێک جار پەڵە هەورێکی کەم لە ئاسمان دەبینرێت، ئەگەرێکی لاواز هەیە لەسنووری ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک کەمێک باران ببارێت لەگەڵ بوونی هەورە تریشقە، هەروەها سەنتەری شارەکان بەگشتی ئاساییە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێش جەژن یەک پلە بەرز تر دەبنەوە و خێرایی با بەڕێژەی 17 بۆ 22کم دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی شەممە، 7-6-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و پلەکانی گەرماش 2 پلە بەرز ببنەوە، هەروەها خێرایی با بەڕێژەی 17 بۆ 22کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
محەممەد کەمال، گوتیشی: بۆ کەشی ڕۆژی یەکشەممە، 8-6-2025، کە سێیەم ڕۆژی جەژنە، پێشبینی دەکرێت، ئاسمان ساماڵ و هەتاوو بێت، خێرایی با لەنێوان 17 بۆ 25 کم لە کاتژمێرێکدا بێت، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکووک هەندێک کات ئەگەری تەپوتۆز هەیە و پلەکانی گەرماش بەڕێژەی 2 پلەی دیکە بەرز دەبنەوە.
ئەو شارەزایەی کەشناسیی، پێشبینی دەکات کەشی ڕۆژی دووشەممە، 9-6-2025، ئاسمان نیمچە هەور بێت و پلەکانی گەرما 1 پلەی دیکەش بەرز بێتەوە، خێرایی با لەنێوان 20 بۆ 26 کم بێت لە کاتژمێرێکدا.
پێشبینی بەرزترین پلەکانی گەرمای چوارەم ڕۆژی جەژنی قوربان.
هەولێر : 42
سلێمانی : 36
کەرکوک : 43
دهۆك : 38
هەڵەبجە : 37
سۆران :33
ڕاپەڕین :38
گەرمیان :44