پرسی مووچە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت
بڕیارە کاتژمێر 1:00ی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق کۆ ببێتەوە و تێیدا بڕیار لەسەر ئەگەری ناردنی مووچەی مانگی ئایار (5)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 1:00 دوای نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت نییە بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەئەگەرێکی زۆر، ئەو پرسە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە باس دەکرێت و بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: پێشبینی ناکەن پرسی مووچەی فەرمانبەران بخرێتە دەنگدانەوە بەڵکوو، وەکوو پێشنیاز لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دەدرێت و بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی ئایار خەرج دەکرێت؛ تاوەکوو دوای جەژن دادگای فیدرالی بڕیاری سالاری بۆ بریارەکەی وەزارەتی دارایی عیراق دەردەکات و پاشان بڕیاری کۆتایی لێ دەدرێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاو کردووەتەوە، کە لە ماڵی عەمار حەکیم و بە ئامادەبوونی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوە چووە، باس لە پێشهاتە سیاسییەکان و گرفتەکانی خزمەتگوزاریی و هەڵبژاردنەکان کراوە.
سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هەمامەنگیی جەختی کردووەتەوە، پێویستە بۆ هەر پرسێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای دەستوور و بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگا هەڵسوکەوت بکرێت.
هەروەها ڕایانگەیاندووە، حکوومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر پارێزگاری لە مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییان و هەوڵی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکان دەدات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کردووتەوە و بە چارەسەری ڕیشەیی پرسە ئاڵۆز و هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان ناوبردووە.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەکاتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت لە کات و وادەی دیاری کراوی بەڕێوە بچێت.