كوشتارگەی هەولێر نرخی سهربڕینی ئاژەڵی قوربانی دیاریی كرد

لە هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی ئایینی ساڵانە لە جەژنی قورباندا هاووڵاتییان بە سەربڕینی ئاژەڵ و دابەشکردنی بەسەر دراوسێ و هەژاران قوربانی دەکەن؛ بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێریش دەڵێت: لە هەر چوار ڕۆژی جەژندا 12 کاتژمێر كوشتارگە کراوە دەبێت.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری گوشتارگەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، لە ڕێکخستنەوەی نێو گوشتارگە و پاكکردنەوە و پڕژاندنی بە دەرمانی تایبەت بۆ ئەوەی پڕۆسەی قوربانیکردن دوور لە هەموو نەخۆشییەک بەڕێوە بچێت.
بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر گوتیشی: لە هەر چوار ڕۆژی جەژن لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تاوەکوو 6ـی ئێوارە، كوشتارگە کراوە دەبێت و پزیشکی ڤێتهرنهری و قەساب و کارمەند 12 کاتژمێر لە خزمەت هاووڵاتییان دەبن.
هەڵمەت هەمزە له بارهی نرخی سەربڕین بۆ هەر ئاژەڵێک، باسی لەوە کرد، ئاژەڵی گەورە واتە ڕەشەوڵاخ نرخیان لەنێوان 60 بۆ 75 هەزار دینار دەبێت، ئاژەڵی بچووک مەڕ و بزن لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ نەخۆشییەک هەموو ئاژەڵێک پێش ئەوەی سەر ببڕدرێت لەلایەن پزیشكهوه پشکنینی بۆ دەکرێت و دواتر پشکنینی دووەم بۆ گۆشتەکەی دەکرێت.
هەڵمەت هەمزە دەشڵێت: لە ڕۆژێکدا دەتوانن 300 ئاژەڵی گەورە و هەزار و 200 بچووک سەر ببڕن.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە جەژنی قورباندا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان، قوربانی دەکەن و ئاژەڵی گەورە و بچووک سەر دهبڕن. بەگوێرەی ئامارەکانی كوشتارگەی هەولێر ساڵی 2023 هەزار و872 ئاژەڵ سەر بڕاوە و لە ساڵی 2024 هەزار و 28 ئاژەڵ لەو كوشتارگەیە بۆ قوربانی سەر بڕایە.