باخچەلی: نابێت دەرفەتی پرۆسەی ئاشتی لە دەست بدرێت

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە

سەرۆکی مەهەپە، ڕایگەیاند: ئاراستەی چارەنووسی نەتەوەیی لە شاخ و ئەشکەوتەکان بەدی نایەت، بەڵکو لە ئەنقەرەی پایتەخت و بەپێی بنەماکانی کۆماریی دابین دەکرێت.

سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پەیامێکی بە بۆنەی جەژنی قوربان بڵاو کردەوە، وێڕای پیرۆزباییکردن لە موسڵمانان، ئاماژەی بەوە دا، تورکیای دوور لە تیرۆر دەبێتە جەژنی هەمیشەیی گەلی تورکیا.

سەرۆکی مەهەپە، گوتی: ئاراستەی چارەنووسی نەتەوەیی لە شاخ و ئەشکەوتەکان بەدی نایەت، بەڵکو لە ئەنقەرەی پایتەخت و بە پێی بنەماکانی کۆماریی دابین دەکرێت.

هاوکات لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاندووە، نابێت ئەو دەرفەتە زێڕینەی کە هاتووەتە بەردەم وڵاتەکەمان لەدەست بدرێت. گوتیشی: تورکیایەکی دوور لە تیرۆر دەسکەوتێکی مێژوویی دەبێت لەم پرۆسەیەدا.

باخچەلی، ئاماژەی بەوەش کرد، بە نەمانی چەک و ئامانجە خوێناویی و نایاساییەکان، تورکیا و نەتەوەی تورک هێزی سەدەی نوێی وڵاتەکە دەبن.

لە دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.

 
 
Fly Erbil Advertisment