ئارین سەرتیپ: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن و بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی چارەسەر و پشکنینیان بە خۆڕایی بۆ دەکرێت.

ئارین سەرتیپ، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ لەمەودوا لە هەموو نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، پشکنین بۆ تووشبووانی تالاسیمیا بە خۆڕایی دەکرێت.

ئارین سەرتیپ گوتیشی: بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، 100 تووشبووی تالاسیمیا بۆ چاندنی مۆخی ئێسک دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات. کە 35 لەوانە لە هەولێرن و تێچووی چاندنی مۆخ بۆ هەر یەکێکیان  40 هەزار دۆلارە.

ئاماژەی بەوەش کردووە،  ئەگەر مۆخەکە هاوتای مۆخی پێشووی تووشبووی تالاسیمیاکە نەبێت، ئەوا تێچووی چاندنەکە 100 هەزار دۆلار دەبێت.

ئارین سەرتیپ دەشڵێت: ڕۆژانە بەشێوەیەکی گشتیی 50 تووشبوو سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن، بۆ وەرگرتنی خوێن و دەرمان".

باسی لەوەش کرد، لە هەولێر هەزار و 100 تووشبووی تالاسیمیا هەن، هەروەها 950 تووشبوو بە بەردەوامی سەردانمان دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی تالاسیمیا، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، 13 تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. 

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی هەمان کۆمەڵە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 500 تووشبووی تالاسیمیا هەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment