گرووپێکی چەکداری فەڵەستینی لە سووریا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر ئیسرائیلیان لە ئەستۆ گرت

گرووپێکی چەکداری فەڵەستین بە ناوی کەتیبەکانی شەهید محەممەد زەیف، یەکەمجارە خۆیان دەردەخەن و لە خاکی سووریاوە هێرشی سەر ئیسرائیل دەکەن، بە تایبەت لە بەرزاییەکانی جۆلان.
کەتیبەکانی محەممەد زەیف لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر ئیسرائیل کردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە، کە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ تۆڵە سەندنەوەی ئەو خوێنە پاکانەی ڕژاون .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ نەوەیەکن لەژێر بۆمباراندا لەدایکبوون و بە دەنگی تفەنگ، گەورە بووین، ژیانێکی ملکەچبوون قبوڵ ناکەن، هەربۆیە لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن، جا یا ژیانێک دۆستێک دڵخۆش دەکات یان مردنێکە کە دوژمنێک توڕە دەکات.
هەروەها هەڕەشە دەکات کە دەبنە شمشێرێک و لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بەردەوام دەبن وچیتر بێدەنگ نابن، هەموو ئەو خاک و ناوچانەی ئیسرائیل داگیری کردووە، ئازادین دەکەنەوە.
هەر لە بارەی ئەو هێرشەی گوایە ئەو گرووپە فەڵەستینییە لە ناو خاکی سووریاوە کردوویەتە سەر ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە؛ هێشتا هیچ دووپاتکردنەوەیەک نییە کە هێرش کرابێتە سەر ئەو وڵاتە. ئاماژەشی دا، پارت و لایەنی زۆر هەیە لە سووریا کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت ناوچەکە ناسەقامگیر بکەن.
دووپاتیشی کردووەتەوە، سووریا بەهیچ شێوەیەک نابێتتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک لە ناوچەکە، هاوکات لە باشووری سووریا پێشینەمان ڕێکخستنەوەی دەسەڵات و کۆتایی هێنانی چەکی نایاساییە.
ئاماژەی بەوەش دا، پەرەسەندنی ئیسرائیل لە ناوەچەکە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری سووریا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان ڕابگرن.
درەنگانی شەوی سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریاوە بە دوو مووشەک هێرشکراوەتە سەر جۆلان، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیشی نەبووە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەمە یەکەم هێرشە لە خاکی سووریاوە بکرێتە سەر ئیسرائیل."
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، بۆ هۆشیارکردنەوەی دانیشتووانی شارۆچکەکانی حیسبین و ڕمات مغشمیم لە جۆلان، کاتژمێر 10ـی شەوی ڕابردوو زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە، بەڵام مووشەکەکان بەر لە گەیشتنیان بە ئاوەدانی، لە ناوچەیەکی دەشتایی کەوتوونەتە خوارەوە.
هەر لەمبارەوە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆیە لەهەر هەڕەشە و هێرشێک لە وڵاتەکەی بکرێتە سەر ئیسرائیل.
هاوکات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەوە هێرشە یەکەم هێرشە لە خاکی سووریاوە بکرێتە سەر ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
لە بەرانبەر هێرشەکەدا، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، چەند خولەکێک دوای ئەو دوو مووشەکەی لە سووریاوە ئاراستەی جۆلان کرابوون، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووتە سەر چەند پێگەیەک لەنێو خاکی سووریادا؛ هەروەها ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردووتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل لەلایەن تۆپخانەکانەوە کراوە و ناوچەی یەرموکیان لە سنووری پارێزگای دەرعا بۆمباران کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ وەردەکارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا بکات.