ژاپۆن.. ساڵی 2024، ڕێژەی له‌دایكبوون بۆ نزمترین ئاست دابه‌زی

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ژاپۆن، ئاماری له‌دایكبوونی منداڵانی له ساڵی ڕابردوو بڵاو كرده‌وه كه ئاستێكی نزمی تۆمار كردووه و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ش به "باری نائاسایی بێدەنگ" ناوی ده‌بات.
چوارشه‌ممه، 4ـی حوزه‌یرانی 2025، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ژاپۆن بڵاوی كرده‌وه،ساڵی 2024، 686 هه‌زار و 61 منداڵ له دایك بوون، به‌مه‌ش به‌راورد به ساڵی 2023، كه‌متر له 41 هه‌زار و 227 منداڵ له دایك بوونه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ژاپۆن ڕایگه‌یاندووه، له‌دایكبوونی منداڵان له ساڵی 2024 نزمترین ئاستی پێوانه‌یی تۆمار كردووه، له‌وه‌ته‌ی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هەمەوە ئاماری له‌دایكبوونی ساڵانه له ژاپۆن تۆمار ده‌كرێت. هاوكات نۆیه‌مین ساڵه له‌سه‌ر یه‌ك، ژمارەی له‌دایكبوون له‌و وڵاته كه‌م ده‌بێته‌وه.
شیگێرو ئیشیبا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئه‌م دۆخه‌ی بە "باری نائاسایی بێدەنگ" ناو برد و جه‌ختی كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی له‌دایكبوون به‌رز ببێته‌وه، هاوكاریی خێزانه ژاپۆنییه‌كان ده‌كات.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ژاپۆن ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، ملیۆنێك و 600 هه‌زار هاووڵاتیی ژاپۆنی له ساڵی 2024 كۆچی دواییان كردووه، ئه‌مه‌ش ده‌كاته دوو هێندە ژمارەی لەدایکبوون.
ژاپۆن، لە نێوان ساڵانی 1971 بۆ 1974ـدا به‌رزترین ئاستی له‌دایكبوونی منداڵانی به خۆیه‌وه بینی و ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لە دایک دەبوون. بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی خوێندن، چەقبەستوویی ئابووری و گۆڕانی شێوازی ژیان گەنجانی ژاپۆنی لە پێكهێنانی خێزان و نه‌وه‌خستنه‌وه بێهیوا کردووە.