لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێک کەوتن

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند: لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ڕێک کەوتن.
چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەی 2ـی ئەم مانگە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژادن ڕێک کەوتن، بە جۆرێک هەندێک بڕگە و ماددەی یاساکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکان بریتین لەوەی 80%ـی دەنگی لیستەکان بۆ سەرۆکی لیستەکان بێت و 20%ـی دەنگەکانیش بەسەر کاندیدەکانی هەمان لیستدا دابەش بکرێت.
هاوکات گوتیشی: گۆڕانکاری لە بازنەکانی هەڵبژاردن ناکرێت و سەرجەم لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆک بوونە لەسەر ئەوەی هەر پارێزگایەک وەکو یەک بازنەی هەڵبژاردن بمێنێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە دوای جەژنی قوربان و تەواوبوونی پشووی یاسادانان، دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ دەکاتەوە و یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانەی دەهێنرێتە پەرلەمان، هەمواری یاسای هەڵبژاردنە.