ڤیدیۆ.. ماڵی خێزانێکی کورد لە گوندێکی داقووق دەسووتێنرێت
دایە عەزیمە بە گریانەوە هاوار دەکات و دەڵێ سووتاندوویانە

K24 - هەولێر
گریانی ژنێکی بەتەمەنی کورد بۆ "ماڵە سووتێنراوەکەی" ناخ دەهەژێنێت. دایە عەزیمە هاوار دەکات ماڵەکەی سووتێنراوە و هیچی بۆ دەرنەچووە، تەنانەت ناسنامەکانیشی.
عەزیمە شکور، ژنێکی بەتەمەنی دانیشتووی گوندی عارەب کۆییە، لەکاتێکدا دوێنێ بۆ ماوەیەکی کەم ماڵەکەی جێهێشتووە، بەگوتەی کوڕەکەی، ماڵەکەی سووتێنراوە.
گوندی عارەب کۆیی، سەر بە ناحیەی داقووقە لە کەرکووک کە لە ساڵی 2015 لەلایەن خەڵکەکەیەوە ناونرابوو کۆبانێی نوێ، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر زۆربەی ماڵە کوردەکانی گوندەکە چۆڵیان کردووە و عەرەبی هاوردە لێی نیشتەجێ بوون.
ژمارەی خێزانە کوردەکانی گوندەکە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر نزیکەی 75 ماڵ دەبوو، عەرەبیش 40 بۆ 50 ماڵێک. کاوە رەفعەت، کوڕی دایە عزیمە دەڵێ "لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ماڵە کوردەکان زۆربەیان ناچاربوون چۆڵی بکەن، من و براکەشم ئاوارە بووین، بەڵام دایکم لە ماڵەکە مایەوە و جێینەهێشت، گوتی تاوەکو دەمرم، لێرە دەمێنمەوە".

کاوە دەڵێ دایە عەزیمە، بەوە ناسراوە یارمەتیی پێشمەرگەی داوە، "دایکم دووکانێکی هەیە، هەرچی پێشمەرگەی هاتووەتە گوندەکە خاتری گرتوون و خزمەتی کردوون، بۆیە هەمووان دەیناسن، هەر لەبەرئەوەشە عەرەبی هاوردە قینیان لێی هەڵگرتووە و دوێنێ کاتژمێر 11:50ـی بەیانیی (یەکشەممە، 23-8-2020) ماڵەکەیان سووتاندین، هیچمان بۆ دەرنەچوو، تەنانەت ئەو جێگەیەش کە دایکم لەسەری دەخەوت".
دایە عەزیمەی تەمەن 74 ساڵ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەردەکەوێت، کە کچەکەی تۆماری کردووە و کوڕەکەی بۆ کوردستان24ـی ناردووە، هاوار دەکات و دەگری و دەڵێ سووتاندوویانە، لەکاتێکدا ئەوانەی لەنزیکییەوەن، کە برا و کچێکین، دڵنەوایی دەدەن و داوای لێدەکەن ئارام بێت.
ئەو ماڵەی سووتێنراوە، ماڵی کاوەیە. کاوە لەگەڵ برایەکی بەناوی فاخیر حەوت حەوزی ماسی و باخی قەیسی و ترێیان لە گوندەکەیان هەبووە، هەموو کەرەستەکانی حەوزەکەیان لە ماڵەکە بوون و هیچیان بۆ دەرنەچووە. کاوە دەڵێ "بای نزیکەی 20 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە لە سووتانی کەرەستەکانی حەوزەکە و ئامێرە کارەباییەکان و ماڵەکەم".
دایکی کاوە، پێشتر گوتبووی تاوەکو دەمرم هەر لەو ماڵە دەبم و جێیناهێڵم، بەڵام ئێستا بەناچاری رووی کردووەتە ماڵی کچەکەی، بەمەش لەو پێنج ماڵە کوردەی لە گوندەکە مابوونەوە، تەنیا چواریان مانەوە، لەگەڵ نزیکەی 100 ماڵێکی عەرەب.

پێشتر گوندەکە لەدەستی پێشمەرگە بوو، ئێستاش پۆلیسی فیدراڵی و سەربازی عێراقی لێیە، سەرەڕای ئەوەش ماڵەکەی دایە عەزیمە سووتا. ئەو خێزانە دەڵێن نەوەک هەر گومان، دڵنیان لەوەی ماڵەکەیان سووتێنراوە و ئەمە تەنیا رووداوێک نەبووە.
جگە لەو ماڵە، پێشتر مینی پاسێکی فاخیر، کوڕی دایە عەزیمە سووتێنراوە، چونکە لەکاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بە ئاڵای کوردستان رازاندبوویەوە و بانگەشەی بۆ سەربەخۆیی دەکرد.
