ترەمپ: باشترە ڕێگە بدرێت ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ ماوەیەک شەڕ بکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، باشترە ڕێگە بە ڕووسیا و ئۆکرانیا بدرێت، بۆ ماوەیەک شەڕ بکەن و یەکتر لەناو ببەن.

گوتیشی: ڕەنگە بەو جۆرە باشتر بێت، ڕێگەیان پێ بدرێت، ماوەیەک شەڕ بکەن و دواتر جیان بکەنەوە.

دەشڵێت: داوام لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کرد وەڵامی هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکان نەداتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، پێموانییە ڕووسیا و ئۆکرانیا بیانەوێت ڕێککەوتن بکەن.

لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ لەگەڵ فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ترەمپ شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیای بەشەڕی دوومنداڵ کە ڕقیان لە یەکترە، بەراورد کرد.

ڕوونیشی کردەوە، مەترسی سزاکان هەر ماوە و ئەگەری هەیە سزا بەسەر هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕووسیادا بسەپێندرێت.

ڕاشیگەیاند "کاتێک دەبینم کە جەنگ ناوەستێت، ئێمە زۆر توند و تیژ دەبین". 

لای خۆیەوە فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە میانی سەردانەکەیدا دوێنێ پێنجشەممە، لە کۆشکی سپی داوای لە ترەمپ کرد فشاری زیاتر بخاتە سەر ڕووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا. لە لێدوانێکیدا بۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، مێرز گوتی، دەزانن ئێمە پشتگیریمان بۆ ئۆکرانیا کردووە و چاوەڕێی زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر ڕووسیا دەکەین.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment