پشتیوان سادق: ئەوەی بەغدا بە کوردی دەکات، هیچ دوژمنێک نایکات

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانین کە حکوومەتی فیدراڵ بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، مووچەی مووچەخۆرانی لە جەژنی قورباندا بڕی.

ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایەگەیاند "ئێمە زۆر نیگەرانین کە حکوومەتی فیدراڵ بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی، مووچەی مووچەخۆرانی لە جەژنی قورباندا بڕی، بێگومان بڕوا ناکەم هیچ حکوومەتی جیهان، لە بۆنەیەکی وادا مووچەی هاووڵاتییانی ببڕێت."

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ کردووە، ئەوەی حکوومەتی عێراق کردی سزادانی بە کۆمەڵەی خەڵکی کوردستانە، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان لە دژی خەڵکی کوردستان دەیان کرد.

دەشڵێت: لە ڕووی ئاینیی و مرۆییەوە، سەرپێچییەکی ئێجگار گەورەیە، ئێمە لە مێژووی هیچ وڵاتێکی دیکەدا شتی وامان نەبیستووە و نەبینیوە، وەک ئەوەی ئێستا حکوومەتی فیدراڵ دەیکات، هیچ دوژمنێک نایکات.

پشتیوان سادق، ڕاشیگەیاند "هەر وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، داکۆکی دەکات و هەوڵی ڕژد دەدات لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جیهان، لەگەڵ بەغداش هەوڵی ڕژد دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارە بکرێت، چونکە زوڵمێکی زۆر گەورەیە لە بەرامبەر هاووڵاتییانی کوردستان دەکرێت."

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment