زیاتر لە 105 هەزار کەس داواکارییان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 105 هەزار کەس داواکارییان بۆ بوون بە کارمەندی ڕۆژی دەنگدان پێشکەش کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە، پرۆسەی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی ڕۆژی دەنگدان بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەکە لەلایەن لیژنەی ناوەندییەوە بە چاودێرییەکی وردەوە دەکرێت. کە تابەیانی ئەمڕۆ هەینی 6-6-2025، 105 هەزار و 561 کەس داواکارییان پێشکەشکردووە.
لە خشتەی کۆمیسیۆندا هاتووە، لە پارێزگای هەولێر 2993 کەس داواکاری پێکەش کردووە، هەروەها لە سلێمانی 3090 کەس و لە دهۆک 2239 کەس داواکاریان پێشکەش کردووە، ڕوونیشی کردووەتەوە لە پارێزگای بەسرە زۆرترین داواکاریی پێشکەش کراوە 12788 کەسە، لە موسەناش کەمترین داواکاری پێکەشکراوە کە 2021 کەسە.

نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران
ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، تاوەکوو 27ـی ئایاری 2025، لە پارێزگای هەولێر 116 هەزار و 724 دەنگدەر کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە، لە دهۆک 60 هەزار و 422 دەنگدەر و لە سلێمانی 85 هەزار و 464 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.
ڕوونیشی کردووەتەوە لە پارێزگای کەرکووک 85 هەزار و 629 دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، زۆرترین نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگای نەینەوایە کە 237 هەزار و 90 دەنگدەرە، کەمترینیش لە پارێزگای موسەنایە، کە 21 هەزار و 171 دەنگدەرە.
هەروەها کۆی گشتیی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە بریتییە لە 1،613،421 کەس.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.