سەندیكای ئابووریناسیی كوردستان: بەکارهێنانی برسێتی وەک کارتێکی فشار پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

سەندیكای ئابووریناسیی كوردستان، بە توندی سەرکۆنەی بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: ڕاگرتنی مووچە یەكێك بووە لە هۆكارە سەرەكییەكانی قەیرانی ئابووری لە هەرێم، کە ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر توانای كڕینی خەڵك و بازاڕ هەبووە.
هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، سەندیكای ئابووریناسیی كوردستان، ڕاگەیەنراوێکی ناڕەزایەتیی دژی سیاسیەتی برسیکردن و گەمارۆی ئابووری سەر خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، حكوومەتی عێراق بۆ جارێكی دیكە مووچەی موچەخۆرانی خەڵكی هەرێمی بڕی، ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ئەو دەستوور و یاسایانەشە كە خۆیان دەریان كردووە.
سەندیکاکە بە نیگەرانییەوە دەڵێت: ئەو کارەی حکوومەتی عێراق، هیچی کەمتر نییە لە تاوانی كۆمەڵكوژی و جینۆساید. جەختی لەوەش کردەوە، نەناردنی تەواوی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق و بڕینی مووچەی مووچەخۆران، یەكێك بووە لە هۆكارە سەرەكییەكانی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر توانای كڕینی خەڵك و بازاڕ هەبووە.
سەندیكای ئابووریناسیی كوردستان، هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا، بە توندی سەرکۆنەی بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکێکی سیاسی و کارتێکی فشار یپێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دەستووری عێراقیشە.
سەندیكاکە، حکوومەتی فیدراڵ، بە بەرپرسیاری تەواوی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆیی هەموو دەرەنجامە کارەساتبارەكان دادەنێت. هاوکات داوا لە حکوومەتەکە دەکات دەست بەجێ کۆتایی بەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە بهێنێت و سەرجەم شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە بێ هیچ مەرج و دواکەوتنێک خەرج بکات.