بەشیر حەداد: تێکەڵکردنی قووتی خەڵک بە ململانێی سیاسی کارێکی ناڕەوایە

بەشیر خەلیل حەداد، گوتارخوێن و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
بەشیر خەلیل حەداد، گوتارخوێن و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

گوتارخوێن و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە قووتی میللەت تێکەڵی ململانی سیاسی بکرێت و بڕینی مووچە تاوانە.

هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، بەشیر خەلیل حەداد، گوتارخوێن و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە گوتاری ڕۆژی جەژنی قورباندا، گوتی: پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەک گوتار و یەک دەنگ بن، تا بتوانن فشار لە سەر حکوومەتی عێراق دروست بکەن و، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بنەرەتی چارە بکرێت. 

ئەو گوتارخوێنە، ئاماژەی بەوە کرد، بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نییە قووتی میللەت تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت و، هەروەها بڕینی مووچە تاوانە.

دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت مووچە بنێرێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمەکە بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .

لە بەرانبەردا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی نادەستووریی و نایاساییە، هەروەها حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم، کە ئامانج لێی سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو ڕابگیرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment